کەرکوک.. لە شەڕی دوو خێزانی سووری هەشت کەس برینداربوون

+964

کاروان ساڵح – کەرکوک

درەنگانێکی شەوی رابردوو لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک، شەڕ لەنێوان دوو خێزانی ئاوارەی سووری روویدا کە بەهۆیەوە هەشت کەس برینداربوون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک تایبەت بە تۆڕی964ـی راگەیاند: بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، دوو خێزانی ئاوارەی سووری دەبێتە شەڕیان و بەهۆیەوە هەشت کەس بە فیشەک و چەقۆ بریندار دەبن.

سەرچاوەکەی پۆلیس کە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە، ئەوەی روونکردەوە کە لەناو بریندارەکان ژن و منداڵیش هەن، بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە.

“پۆلیسی کەرکوک رێوشوێنی گرتۆتەبەر تاوەکو هەردوو لایەنی شەڕەکە دوای باش بوونی باردودۆخی تەندروستییان رەوانەی وڵاتی خۆیان بکاتەوە بەو پێیەی بێ مۆڵەتی فەرمی لە کەرکوک نیشتەجێ بوون”.

شایەتحاڵێک لە نەخۆشخانەی ئازادی، بەناوی  ئەحمەد ئازاد بە تۆڕی964ـی وت “شەوی رابردوو  کاتێک بنکەی پۆلیسی رەحیماوە بریندارەکانیان هێنا بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی، بینیم ئافرەت و هەرزەکاریشی تێدا بوو، ئەوەی من بینیم یەکێک لە بریندارەکان باری تەندروستی ناجێگیر بوو، هەروەها هەموویان شوێنی چەقۆ بە جەستەیانەوە بوو” .