واشنتن دەیدا و یەکێکیان "ئەحمەد وەحیدی"ـیە

پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ پێدانی زانیاری لەسەر پێنج فەرماندەی باڵای ئێران

فەرهاد حەسەن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خەڵاتێکی دارایی گەورەی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار راگەیاند، بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد بدات لەسەر شوێنی مانەوە یاخود دەستگیرکردنی پێنج فەرماندەی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئێران، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانە.

لیستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی دەرەوە راگەیەندروە کە ناوی پێنج کەسی تێدایە ئەوانیش بریتیین لە ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، عەلی عەبدوڵڵاهی هەماهەنگیکار لە ئەرکانی گشتی و بنکەی “خاتم الأنبياء”، سەعید ئاقاجانی فەرماندەی یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (UAV) لە هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، حەمید رەزا لەشگەریان سەرۆکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنی و سێبەرنەتیکییەکان (Cyber) لە سوپای پاسداران و  مەجید خادمی سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی زانیارییەکان (هەواڵگری) لە سوپای پاسداران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، راگەیاندنی ئەم خەڵاتەی لە چوارچێوەی بەرنامەی “خەڵاتەکان لەپێناو دادپەروەری” بڵاوکردووەتەوە و  لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ئەو فەرماندانەی ئێران ئەرکی هەستیار و سەرپەرشتیارییان لە بەشە جیاوازەکانی سوپای پاسداران لەئەستۆیە و بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەریان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا “کارێکی لەپێشینەیە”.

ئەمریکا داوای لە هەر کەسێک کردووە کە زانیاریی لەسەر ئەم فەرماندانە یاخود هەر سەرکردەیەکی دیکەی سوپای پاسداران هەیە، لەرێگەی کەناڵە پارێزراوەکانی پەیوەندییەوە وەک لینکێکی تایبەتی “Tor” یاخود ئەپڵیکەیشنی “Signal” ئاگاداریان بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوە جەختدەکاتەوە، کە هاوکارییەکان تەنیا بە پێدانی پارە کۆتایی نایەت، بەڵکو بۆ گەرەنتیکردنی سەلامەتی ئەو کەسانە، ئەمریکا ئامادەیە رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستن و گواستنەوەی هاوکاران و خێزانەکانیان بۆ شوێنێکی ئارام دابین بکات.