باسی پاراستنی سنوورەکان و زۆر شتی دیکەش کرا

فایەق زێدان لە تارانە و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێران کۆبووەوە

شۆڕش قادری

فایەق زێدان لە تارانە و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێران کۆبووەوە، پاراستنی سنوورەکانیش تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.8.2026 فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، سەرەتا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، موحسن ئێژەیی دانیشت، وەک میدیای ئێران دەڵێت، لە دانیشتنەکەدا ئێژەیی رایگەیاندووە، لەو بڕوایەدان کە ئاسایشی هەردوو وڵات گرێدراوی یەکە، بۆیە جێی خۆیەتی بەهاوکاری یەکتر هەرجۆرە جموجۆڵێک لەسەر سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگەنەدەن ئاسایشی وڵاتەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.

دواتر زێدان چووە لای موحسن رەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵایی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا رەزایی رایگەیاند، ئێران خوازیاری عێراقێکی سەربەخۆ و بەهێزە، زێدانیش سوپاسی پشتیوانی کاربەدەستانی ئێران کردووە و داوایشی کردووە سڵاوی بەرپرسانی عێراق بگەینن بە رابەری ئێران.

دواتر فایەق زێدان لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە، وەک دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئاشکرایکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەتی هاوبەش قسەی لەسەر کراوە، لەوانەش ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری یاساییدا.