موبەریدە بەکاردەهێنن لەجیاتى سبلێت

کارەبا کێشەى بۆ ئاوى کۆیە دروستکردووە

دەریا ئەحمەد ــ کۆیە

سوتانى 4 پەمپى ئاو و کارەباى 24 کاتژمێریى، گرفتیان بۆ ئاوى کۆیە دروستکردووە، چونکە هاوڵاتیان زیاتر موبەریدە بەکاردەهێنن ئەوەش ئاوێکى زۆرى دەوێت. بەڕێوەبەرى ئاوى کۆیەش موژدەى چارەسەربوونى گرفتى کەمئاویى کۆیە رادەگەیەنێت.

هۆگر کەیفی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە بە 964ـی وت،” لە ماوەکانی رابردوودا چەندینجار روبەڕووی گرفتی تەکنیکی بوینەتەوە و بە قەرز چارەسەرمان کردووە بەتایبەت سووتانى 4 پەمپى ئاو، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا سوتانی محاویلەیەکی کارەبا لە کۆیە کاریگەری کردۆتە سەر کارەبای پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاو لە تەقتەق  و جاربەجار دەپچڕێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەوڵمانداوە ئەم گرفتانە کەمترین کاریگەریان هەبێت”.

“یەکێک لە هۆکارەکانی کەمئاوی ئێستا ئەوەیە کە کۆیە کەوتۆتە ناو پڕۆژەی رووناکی و بەهۆی بەرزی نرخەکەشیەوە ئێستا هاوڵاتیان زیاتر موبەریدە بەکاردێنن لەبری سپلیت موبەریدەکانى ئێستاش لە 24 کاتژمێردا 800 لیتریان دەوێت، ئەمە جگە لە زیتادبوونى هاوبەشى ئاو”، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە واى وت.

لەبارەى چارەسەرى کۆتایى گرفتى کەمئاویى لە شارەکە، وتى،” لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیار دراوە هێڵی دووەمی ئاوی (بۆگد ــ کۆیە) جێبەجێ بکرێت کە ئێستا لە قۆناغی دیزاین دایە و بە تەواوبوونی جگە لەوەی کۆیە تا 30 ساڵی تر بەتەواوی کێشەی ئاوی نامێنێت، سەرجەم ئەو گوندانەش کە ئەم هێڵەی ئاوی پێدا تێپەڕدەبێت سودمەند دەبن و کێشەی ئاویان نامێنێ”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح