لە پڕۆسەى سەرژمێریدا
ئەگەر هاوڵاتى زانیاريى درۆى مەبەستدار پێشکەش بکات بۆ ماوەى 7 ساڵ زیندانى دەکرێت
964+
وریا فەتاح
لە پڕۆسەى سەرژمێریدا چەندین وردەکارى هەن کە ئەگەر هاوڵاتى بە درۆ وەڵامیان بداتەوە، یان رێگرى بکات لە تیمەکان، لە رووى یاساییەوە لێپێچینەوەى لێدەکرێت و زیندانى تێدەکەوێت و سزاى دارایش دەدرێت.
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای بواری هەڵبژاردن و راپرسی لە نووسینێکدا وردەکارى پڕۆسەکە دەخاتەڕوو، باسيش لەوە دەکات، ئەگەر هاوڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەش کرد، بەپێى یاسا زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی دەدرێت، کە لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
لەبارەى رێگریکردنى هاوڵاتى لە پڕۆسەى سەرژمێرى، ئەوەى خستووەتەڕوو کە بەپێى دەستەى ئامار، ئەو کەسەى رێگرى بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەى سێ ساڵ و سزاى دارایشى بەسەردا دەسەپێنرێت کە لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
روونیشى کردووەتەوە، رەوەندى کوردستانى و عێراقى کە بە دنیادا بڵاوبوونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر، لە رێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات تۆمار دەکرێن و هیچ بەدگومانی و دوو دڵییەکی ناوێت.
هەر لە نووسینەکەدا، هاوڕێ تۆفیق رەتى دەکاتەوە، ئەگەر بەهەر هۆیەک رۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتینامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسیە) .
دەقى نووسینەکەى هاوڕێ تۆفیق کە لە فەیسبوکى خۆى بڵاوى کردووەتەوە و بە رەزامەندى خۆى 964 بڵاوى کردووەتەوە.
سەرژمێری دانیشتوان
دەرگا دامەخەن، زانیاری ڕاست بدەن.
سزاکانی سەرژمێری چین؟
هاوڕێ تۆفیق
لە ماوەی دوو هەفتەی پێشوودا ،پاش بێنەو بەرەیەکی زۆر ،گفتوگۆی گەرم و دانوستانی بەردەوام لە نێوان هەرێم و عێراق، بەشێکی باش لە داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێکران، جگە لە یەک خاڵیان نەبێت ، هەرێم ئەیویست کە بە گوێرەی کارتی نیشتمانی ، هاوڵاتیان لەسەر شوێنی ئەسڵییان تۆمار بکرێن، نەک ئەو شوێنەی کە لەرۆژی سەرژمێری لێی ئەبن و پاشان لیژنەی هاوبەشی عێراق و هەرێم هەڵبستن بە بەراوردکردنی داتاکان و ناوەکان بگەرێننەوە بۆ سەر شارەکانیان ، لە کۆتایدا لەگەڵ هەندێک دوو دڵی ،هەرێم یەکلایی بوە کە لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ ی ئەم مانگە، بەشداری سەرژمێری گشتی ئەکات . لە راستیدا رۆژانی کەم ماون بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، هەقی خۆی بوو کە هەڵمەتێکی میدیایی باشی بۆ بکرایە، بەڵام بەهۆی دوو دڵی حکومەتی هەرێم لە بەشداریکردنی سەرژمێری و بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ گرنگیەکی میدیایی پێنەدراوە . بۆیە خەڵکی پرسیاری زۆری هەیەو چاوەڕێی وەڵامن، پوختەی سەرنج و زانیارییەکان:
١: ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری(١٥) پانزە ڕۆژە، نەک(٢)دوو رۆژ.
بەروارەکانی ٢٠ و ٢١ ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی رەسمی و قەدەغەی هاتوچۆیە. ئەو دوو ڕۆژە تیمی ژمێرکار، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار ئەکەن، باقی ١٣ رۆژەکەی تر، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری تۆمار ئەکەن.
٢: ئەو هاوڵاتیانەی لەو دوو رۆژەدا لە کارو خزمەتن و ئێشکگرن وەکو کەرتەکانی پزیشکی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی ، ئەو هاوڵاتیانە ئەتوانن کارتی نیشتمانی خۆیان لەلای خێزانەکەنیان بەجێبهێڵێن و بێ دوو دڵی ،تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن.
٣: بۆ ئەوانەی لەو رۆژەدا خۆیان، یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، بەهۆیەکانی گەشتکردن و بازرگانی و چارەسەری پزیشکی ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکەنیان دابنێن، بۆ نمونە لەلای ماڵی خوشک، برا، دایک و باوک، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.
٤: ئەگەر بەهەر هۆیەک رۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتنامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسییە) .
٥: بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی کە بە دونیادا بڵاو بونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر ،لەرێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات تۆمار ئەکرێن و هیچ بەدگومانیی و دوو دڵییەکی ناوێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە، بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە ٣٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٢) برگەی یەکەم ، دەبێت هاوڵاتی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئەوانیش سەرژمێری بکرێن .
٦: بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە (٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١١) پێویستە پاش (١١) ساڵی تر سەرژمێری دانیشتوان بکرێتەوە و بۆهەر (١١) ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت.
٧: خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی ١٤٠ پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆتان، بەگەرانەوەتان گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەکەتان دەکەن.
سزاکانی سەرژمێری چین ؟
لەرووی قانونیەوە پرۆسەی سەرژمێری بە دوو قانون رێکخراوە، قانونی سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (٤٠ )ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموارەکەی لەگەڵ قانونی دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (٣٢ )ی ساڵی ٢٠٢٣ ئەمەی دووەمیان قانونێکی زۆر گرنگ و سەرەکیە ، لەو قانونەدا هاوڵاتی پابەندکراوە کە دەبێت بەشداری سەرژمێری بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە، سزاکان بەم شێوەیەن؛
١: ئەگەر هاوڵاتی ڕێگریکرد سەرژمێری بکەن ،بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە(٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٨ ) برگەی (چوارەم) ، سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی کە لە (٣) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
٢: ئەگەر هاوڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەشکرد، بەگوێرەی هەمان قانون ، پاڵپشت بە مادەی (١٩) برگەی (یەکەم) هاوڵاتی زیندانی ئەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی کە لە (٥) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
تێبینی یاسایی:
هەموو هەو قانونانەی کە لە پەرلەمانی عێراقی دەرئەچن ، ئەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ کارپێکردنیان لە هەرێم دەنگی پێ بدات. هەرچەندە لەو ماوەیە پەرلەمان هەڵوەشاتەوە ، بەڵام پرۆسەی سەرژمێری گشتگیر و نیشتمانی و فیدراڵییە .