ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە

حکومەتی هەرێم: نابێت بەغدا بە هیچ پاساوێک موچەى فەرمانبەران دوابخات

964+

ژووری هەواڵ

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم راگەیەنراوى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى بڵاوکردەوە و دەڵێت، نابێت حکومەتی فیدڕاڵ لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، موچەی هەرێمی کوردستان دوابخات یان لێی ببڕێت.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، “ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات کە بە زووترین کات، موچەی مانگی 10 خەرج بکات و رێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و رێکارە داراییەکان”.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران،  دادگای فیدراڵی وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە کە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی موچەی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ.

لەبارەی سەرژمێریش، ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، نابێت سەرژمێری هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140 هەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

“نابێت [سەرژمێری] ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و رێکارە دەستووريیانەی لە مادەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون”، ئەنجوومەنی وەزیران وا دەڵێت.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، پرۆسەکە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، “بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و لە کەشێکی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوەچوو”، کابینەی نۆیەمیش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی کارەکانی تاوەکو پێکهێنان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش تاوتوێ کراوە و باس لەوە کراوە، دەبێت بەزووی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمو دەست پێ بکاتەوە و هیواخوازە کە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری ئەن...

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری ئەنجام دەدات