لە میدیای ئێرانەوە

سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشتووە و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئێران (ئێرنا) ئەمڕۆ شەممە 23.5.2026 بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە و دۆخی ناوچەکەیان باس کردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، لەوانە ئاڵوگۆڕە ئابووری و بازرگانییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان باس کراوە، جگە لەوە باس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش کراوە.

وەک سەرچاوەکە باسی کردووە، هەردوولا  سەبارەت بە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و گرنگیی بایەخدانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش  بیروڕایان گۆڕییەوە.

تا ئێستا میدیای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەی لای خۆی بڵاونەکردووە.