"ئەندامی داعش بوون"
لە زیندانەکانی عێراقەوە 11 بەندکراوی فەڕەنسی داوای گەڕاندنەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
لە زیندانەکانی عێراق 11 بەندکراوی فەڕەنسی کە سزاکەیان لە لەسێدارەدانەوە گۆڕدراوە بۆ زیندانی هەتا هەتایی، داوا دەکەن بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دادی عێراق کە قسەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، بە گوێرەی یاسا دەتوانرێت ئەو 11 سزادراوە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان و تەواوکردنی سزاکانیان لە وڵاتەکەی خۆیان بەسەر ببەن، بۆیە داواکاریان پێشکەشکردووە و چاوەڕێی پەسەند کردنی داواکەیانن.
سزادراوەکان لەسەر ئەندامێتی لە رێکخراوی چەکداری داعش دەستگیر کراون و لە ساڵی 2019 سزای لەسێدارەدانیان لە عیراق بۆ دەركراوە و دواتر لە ساڵی 2023 سزاكەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی كەمكراوەتەوە.
بەهۆی ئەوەی سزاکەیان لەسێدارەدان نییە، ئەو 11 کەسە رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام تا ئێستا فەڕەنسا داوای گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی نەکردووە، بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دادی عێراق وا دەڵێت.