کەرکوک
بۆ جاری سێیەم تەقە لە کامێرای حەراری خاڵێکی سەربازی کرا
کاروان ساڵحی- کەرکوک
ئەمشەو پێنج شەممە بۆجاری سێیەم چەکدارانی داعش تەقەیان لە کامێرای حەراری هێزە ئەمنیەکان کرد لە سنوری گوندی بورغولیە لە ناوچەی دەنادیشی باکووری قەزای حەویجە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگری لە سوپای عێراق بە 964ـی وت، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا سێ جار تەقە لە کامێراکانمان کراوە و تێکشکێندراون ، جاری یەکەم پۆلیسێکی فیدراڵی کوژرا، جاری دووەم کامێراکە تێکشێکندرا، ئەمشەویش جارێکی دیکە تەقە لەو کامێرایە کراوە و تێکشێندراوە، کە لیوایەکی حەشدی شەعبی لەوێن.
سەرچاوەکە وتیشی ، دوای پەلاماری دووەم، دۆسیەی ئەمنی قەزای حەویجە لە فیرقەی سێی پۆلیسی فیدڕاڵی وەرگیرایەوە و رادەستی فیرقەی 17 سوپای عێراقی کرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا شوێنەکان و پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە نەکراوە، بۆیە رادەستی لیوای 61 حەشدی شەعبی کراوە، تا سوپا شوێنەکانی پۆلیسی فیدراڵی پڕ دەکاتەوە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا