لە سۆران

لە رووداوێکی هاتوچۆدا نۆ کەس برینداربوون

شۆڕش قادری

لە سەر رێگای نێوان سۆران – خەلیفان رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و نۆ کەس بریندار بوون.

موحسن تەحسین وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر رووداوێکی ھاتووچۆ لە جۆری پێکدادان، لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا لاندکرۆزەر و نیسان سەنی، لە سەر رێگای سۆران – خەلیفان لە گەلی عەلی بەگ، روویداوە و لە ئاکامدا نۆ کەس برینداربوون”.

وتەبێژی هاتوچۆ سۆران داوایشی لە شۆفێران کرد، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و هاوڵاتیان، خێرای کەم بکەنەوە و پابەندی هێما و رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و ناوچە شاخاوییەکەی، رێگاکانی سۆران بە رێگا مەترسیدارەکان لەقەڵەم دەدرێن و سەرەتای ئەم مانگەش، لە سەر رێگای سپیلک – شانەدەر نزیک گوندی سیناوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس وەرگەڕا و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.