چەند رۆژ کاتیان هەیە؟

پۆستەر و وێنەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەی کۆدەکرێنەوە؟

964+

شۆڕش قادری

کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و دەبێت کاندیدەکان دەست بکەن بە کۆکردنەوەی پۆستەر و وێنەکانیان.

مەروان محەمەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی وت، “دوای کاتژمێر 12ـی ئەمشەو کاندیدەکان دەبێت دەست بکەن بە لێکردنەوە و کۆکردنەوەی وێنە و پۆستەرەکانیان لەسەر جادە و شوێنە گشتییەکان”.

“کاندیدەکان 30 رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی پۆستەرەکانیان کۆبکەنەوە و دوای ئەو وادەیە، خۆیان بەرپرسیارن و سزا دەدرێن”، مەروان محەمەد وای وت.

ماوەی 20 رۆژە هەڵمەتی بانگەشە و کۆبوونەوەى جەماوەرى لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و کاتژمێر 12.00ـى ئەمشەو، کۆتایی دێت، بڕیارە  رۆژى هەینی 18ـى ئەم مانگە، دەنگدانى تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەبچێت و رۆژى یەکشەممە 20ـى مانگیش هەڵبژاردنى گشتى بەڕێوەدەچێت.