ساڵێکە دروست کراوە
بە بایەکی پایزە دەروازەی قەرەتەپە داڕوخا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا
964+
راژان باجەلان – خانەقین
ئێوارەی ئەمڕۆ دەروازەی قەرەتەپە بەهۆی رەشەباوە روخا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە جگە لە زیانی مادی.
وەسفی تەمیمی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە 964ـی وت، ئەم دەروازەیە ماوەی ساڵێکە تەواو بووە و لەلایەن کۆمپانیایەک دروستکراوە و تێچووەکەی لەسەر سندوقی بوژانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی داعش بووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوای بایەکی بەهێز کەوتووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( تۆیۆتا کرۆلا ) و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
وتیشی، تێچووی پارە و کاتی خایاندنی دروستکردنی لەلایەن ناحیەوە نەزانراوە بەهۆی ئەوەی ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری شارەوانی ناحیەکە.
بەهۆی کەوتنی ئەو دەروازەیەوە هاوڵاتیانیش رەخنە لە کارەکانی حکومەت دەگرن و دەڵێن دوای ساڵێک ئەو دەروازەیە بەرگەی رەشەبایەکی نەگرتووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی