رێککەوتنێکی نوێ لەڕێیە

هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەی نەوت قسە لەگەڵ تورکیا دەکەن

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی بە بەشداریی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تورکیا دانوستان بکەن لەسەر داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.

هەر دوێنێ ئاشکراکرا عێراق و تورکیا ماوەیەک سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ میکانیزمی نوێێ هەناردەکردن، کە ئامانجەکەی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ 350 تا 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

لیژنەکە نوێنەرانی وەزارەتەکانی نەوت، دەرەوە و دارایی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە، بەمەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون و شەفاف کە جێگەی رێککەوتنە کۆنەکە بگرێتەوە.

بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئێستا، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی دانوستانەکان چڕ کردووەتەوە تاوەکو سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان مسۆگەر بکات.

بەندەری جەیهان دەکەوێتە شاری جەیهان لە پارێزگای ئەدەنە لە باشووری تورکیا و یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا. ئەم بەندەرە وێستگەی کۆتایی بۆرییە گەورەکانی گواستنەوەی نەوتە کە نەوتی خاو لە ناوچەکانی قەفقاز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگەیەننە بازاڕەکانی جیهان.

هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم بەندەرە دەروازەی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی کەرکوک و هەرێمی کوردستان، نەوتەکە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە (بۆریی کەرکووک-جەیهان) دەگاتە بەندەرەکە و لەوێوە بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دەکرێت.

توانای هەناردەکردن لەم بەندەرەدا بە بڕی زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا خەمڵێنراوە و لە هەندێک قۆناغیشدا دەگاتە بڕی جیاواز.