
964+
964 دیوێکی تری هۆکاری بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ئاشکرا دەکات
964+
توانا نەقی
سەرباری هەوڵەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق، بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام بێ سودە و تا دێت دینار زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات و نرخەکەی بە ناجێگیری ماوەتەوە.
کامەران قادر، پسپۆری ئابووری و دکتۆرا لە دراو بۆ تۆڕی964ی بەم جۆرە شیکردنەوە بۆ بابەتەکە دەکات و دەڵێت، ئەمریکا سورە لەسەر ئەوەی بەهای دۆلار لە عێراق دانەبەزێت و مەرجی زیاتریشی هەیە.
وتیشی “بەهای دینار ئاوا دابەزێت کێشەیەکی تر زیاد دەکات ئەویش ئەوەیە کە عێراق رەنگە نەتوانێت چیتر بە تەواوەتی بە دینار موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، بە دۆلاریش ئەمریکا قبوڵی ناکات عێراق لەخۆییەوە دۆلار بدات بە خەڵک.
ئەو پسپۆرە ئابوورییە ئەوە رووندەکاتەوە کە عێراق دووچاری گرفت دەبێتەوە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی، نمونە بەوە دەهێنێتەوە کە ئەگەر مانگانە بایی 10 ملیار دۆلار نەوت بفرۆشێت، پارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بە دۆلار، ئەوا وەزارەتی داراییش ناچارە دۆلارەکە لە بانکی ناوەندی بکات بە دینار، وتی “بانکی ناوەندیش ئەو دۆلارانە دەخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی دیناری دەستکەوێت، لەم کاتەدا دۆلارێکی زۆر دێتە بازاڕ کە ئەمەش کارەساتێکی زۆر گەورەی ئابوورییە کە رۆژانە سەرووی 60 ملیۆن دۆلار بخرێتە بازاڕ، چونکە ئەمە وادەکات بە بەردەوام دۆلار لە دینار زیاتر بێت و کێشە بۆ حکومەت دروست دەکات”.
کامەران قادر، رایوایە ئەستەمە بتوانرێت رێگری لە چوونی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق، تایبەتریش بۆ ئێران بگیردرێت، دەڵێ: کۆمپانیا ئێرانییەکان شمەک دەهێننە عێراق بە دینار لێیان دەکڕن، خۆ دینارەکە نابەنەوە وڵاتی خۆیان، ناچارن بیگۆڕنەوە بە دۆلار و لەگەڵ خۆیان بیبەن، ئەمەشە وایکردووە کە ئەمەریکا بە عێراق دەڵێت بەهیچ شێوەیەک بازرگانی لەگەڵ ئێران مەکە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەشەوە دۆلار نەچێتە ئێران، بەڵام “عێراقیش راشکاوانە دەڵێت ناتوانم ئەوە بکەم چونکە، ئەو شمەکانە هەرزانتر دێتە وڵاتەکەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی دیکە”.
“ئەو دۆخە بۆ ئەمەریکا زۆر نا ئاساییە، چونکە باشترین دۆستەکانی لە بازرگانی لەگەڵ ئێران قەدەغە کردووە کە قازانجی زۆریش لە بازاڕی ئێران دەکەن، جا ئەمە چۆن لە عێراق قبوڵ دەکات؟ بەڵام هێشتا نەچووەتە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمریکا بە هۆکاری ئەوەی ئێران هەژموونێکی زۆری سیاسی و ئابووری هەیە لە عێراق، ئەگەر ئەوە بکات ئێران گرفت بۆ عێراق دروست دەکات لە چەندین لایەنەوە”. کامەران قادری پسپۆری ئابووری وادەڵێت، باسی لەوەشکرد کە تەنیا سێ ئەگەر لەبەردەم عێراقدا هەیە، یان بە داواکەی ئەمریکا رازی دەبێت کە بەهۆیەوە پشتگیری ئێران لەدەست دەدات و تووشی کێشەش دەبێتەوە، ئەگەریش بە داواکارییەکەی ئەمەریکا رزای نەبێت ئەوا بەهای دۆلار هێشتا بەرز دەبێتەوە، کۆتا بژاردەش دەستلەکارکێشانەوەی محمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانە و کابینەکەیەتی.