سەنتەری میترۆ:
“بكوژی رۆژنامەنووسان ئازادن و عەدالەت دەستی كورتە”
شۆڕش قادری
سەنتەری میترۆ دەڵێت، بەهۆی وابەستەیی بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە، دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستان نەیتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكات و بکوژەکانیان ئازادن.
ئەمڕۆ دووشەممە 2.11.2026 رۆژی جیهانییە بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، بەو بۆنەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان راگەیەنراوێکی بەناونیشانی، “بكوژی رۆژنامەنووسان ئازادن، عەدالەت دەستی كورتە” بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و جدی لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكات، چەند كەیسێکی دیار داخراون، بە بێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزرێتەوە و بدرێتە دادگا”.
سەنتەری میترۆ داوا دەکات، سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە بکرێت بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
دەقی راگەیەنراوەکەی سەنتەری میترۆ لە خوارەوە؛
بكوژی رۆژنامەنووسان ئازادن
عەدالەت دەستی كورتە
ئەمڕۆ رۆژی جیهانییە بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، بە پێ ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری UNESCO ، لە نێوان ساڵی (2025 بۆ 2026 )، 166 رۆژنامەنووس لە جیهاندا كوژراون لە كۆی حەوت حاڵەت شەش كەیسیان بێ ئەنجام بووەو بكوژ دەربازی بووە لە سزا.
لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو جدی لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكات و كەیسە هەرە دیارەكان ( سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عبدالستار تاهیر شریف) داخران بە بێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزرێتەوە و بدرێتە دادگا.
لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ داوای سەلەنوێ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە دەكات تا ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
یۆنسكۆ دەڵێت: دەربازبوون لەسزا دەبێتە هۆی كوشتنی زیاتر و زۆرجار ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ململانێكان و تێكچوونی سیستەمی یاسایی و دادوەری.
یونسكۆ ترسی ئەوەی هەیە كە دەربازبوون لە سزا زیان بە تەواوی كۆمەڵگاكان بگەیەنێت بە شاردنەوەی پێشێلكارییە جددیەكانی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوان. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش داوا لە حكومەتەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و هەموو ئەوانەی پابەندن بە پێشخستنی سەروەری یاساوە بەشداری لە هەوڵە جیهانییەكان بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دیداردەی دەربازبوون لە سزا.
كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی رۆژی 2013 رۆژی 2ی تشرینی دووەمی وەك “ڕۆژی جیهانی بۆ كۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا بۆ تاوانەكانی دژی ڕۆژنامەنووسان” ناساند. بڕیارنامە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات كە ڕێوشوێنی كۆنكرێتی بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی كولتووری باوی بێ سزا.