ئامێرێكیان شكاوه‌

سبه‌ینێ ئاوى خواردنەوە له‌ قه‌ڵادزێ دابه‌ش ناكرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌ قه‌ڵادزێ ده‌وه‌ستێت، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئامێرێكى پڕۆژه‌ى ئاوى خاس شكاوه‌ و چاكده‌كرێته‌وه‌.

پڕۆژەی ئاوی خاس %95 ئاوی خواردنەوەی قه‌ڵادزێ دابین دەکات و توانای خەزنکردنی 20 ملیۆن لیتر ئاوی هەیە.

مارف مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كه‌ بۆ 964ـى ئاشكراكرد هۆكارى وه‌ستانى دابه‌شكردنى ئاو بۆ شكانى یه‌كێك له‌ ئامێره‌كانى پڕۆژه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

وتیشی “ئامێره‌ شكاوه‌كه‌ رێگه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاو ده‌گرێت بۆ ناو ئه‌مبارى سه‌ره‌كى ئاو”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌لایه‌ن تیمى تایبه‌تى خۆیانه‌وه‌ ده‌ست به‌ چاككردنه‌وه‌ى ئامێره‌كه‌ كراوه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئامێره‌كه‌ گه‌وره‌یه‌ كاتى زۆرى پێویسته‌ تاوه‌كو چاكده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ سبه‌ى ناتوانین ئاو دابه‌ش بكه‌ین”.

روونیشیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌حاڵێكدا ئامێره‌كه‌ چاكنه‌كرایه‌وه‌، ئه‌وا ئامێری یه‌ده‌گیان هه‌یه‌ و له‌شوێنى ئامێره‌ شكاوه‌كه‌ى داده‌نێن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ دووسبه‌ى چوارشه‌ممه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ قه‌ڵادزێ ده‌كرێته‌وه‌.

كلۆره‌كه‌ى توركیا گه‌یشته‌ ئاوى

كلۆره‌كه‌ى توركیا گه‌یشته‌ ئاوى "خاس" له‌ قه‌ڵادزێ