بۆ منداڵى تازە لەدایکبوو ریکارەکە چۆنە؟

پاسپۆرتى هەولێر لە بارەى نۆرەگرتنى ئەلیکترۆنى هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

پاسپۆرتى هەولێر بڵاوى کردەوە کە سیستمى نۆرەگرتنى ئەلیکترۆنى کارایە، لە بارەى رێنماییەکانى دەرهێنان و نوێکردنەوەى پاسپۆرتیش روونکردنەوە دەدات.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکدا بڵاوى کردەوە کە سیستەمی ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی کارایە و هاوڵاتیان دەتوانن نۆرە دابنێن بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ھەرچوار نووسینگەی سنووری پارێزگای ھەولێر( نووسینگەی یەکی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر،  نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە).

رونیشى کردووەتەوە کە دەرهێنانى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى ئەمانەى پێویستە:

1- دانانی نۆرە لە ئەپلیکەیشنی (جواز السفر العراقي الاكتروني) کە بۆ هەردوو سیستەمی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە یان لەرێگای ویبسایت دەتوانی حجزەکە بکەن، نۆرەکە بە ناوی خۆت تۆمار بکە (حجز الاكتروني) کات و رۆژی سەردانت دیاری دەکەیت و  لە کۆتاییدا بارکۆدێکت بۆ دیار دەکەوێت  وێنەی بگرە و لەمۆبایلەکەت ھەڵیگرە لە رۆژی سەردانی کردنت بەکاردێت بۆ رایی کردنی مامەلەکەت.

2- پێویستە کارتی بانکی (ماستر کارد یان ڤیزا کاردت پێ بێت لەکاتی سەردانی کردن ) و بەناوی خۆت بێت و  بە دیناری عێراقی تێدابێت بۆ پێدانی رسوومات کە بڕەکەی 91 هەزار دینارە.

3- کارتی نیشتمانی رەسەن.

4- کارتی زانیاری رەسەن ، لە ئێستادا مەرجە کارتی زانیاری سنووری پارێزگای هەولێر بێت.

5- پاسپۆرتی کۆن ئەگەر مامەڵەکەت بۆ نوێ کردنەوەی پاسپۆرت بێت.

لەبارەى منداڵى تازە لە دایکبوو، پاسپۆرتى هەولێر روونى کردووەتەوە کە بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت پێویستە، کارتى نیشتمانى خۆى و باوکى و کارتى زانیارى و بەڵگەنامەى لەدایکبوون و کۆپى پاسپۆرتى دایک و باوک ئەگەر هەبێت، ئەوە بۆ منداڵى خوار 18 ساڵیش بە هەمان شێوەیە.

بۆ ئەوانەشى لەسەرووى 18 ساڵین، پاسپۆرتى هەولێر جەختى کردووەتەوە کە ئەگەر داواکار هاوسەرگیرى نەکردبوو، کارتى نیشتمانى رەسەنى خۆى و کارتى نیشتمانى باوک و کارتى زانیارى رەسەنى باوکى، پێبێت.

وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، ئەگەر منداڵ باوکى کۆچى دوایى کردبوو یاخود جیابوونەوە، پێویستە بەڵگەنامەى پێسپاردن و کارتى نیشتمانى و کارتى نیشتمانى دایک و کارتى زانیارى بەناوى دایکى، پێبێت.

“ئەگەر منداڵ باوکی لەدەرەوەی وڵات بوو، ئەوان حجة الوصاية المؤقتة (بەزمانی عەرەبی) + کارتی نیشتمانی خۆی و دایک و باوکی (ڕەسەن) +کارتی زانیاری باوکی (ڕەسەن)ـى پێویستە.

جەختیشکراوەتەوە، هەر کەسێک لە کاتى نۆرەى خۆیدا سەردانى نوسینگەى پاسپۆرت نەکات، نۆرەکەى دەفەوتێت و ئەوانەشى ئێواران نۆرەیانە پێویستە دوو کاتژمێر پێشتر سەردانى نوسینگە بکەن.

وەرن پاسپۆرتەکانتان وەرگرنەوە تا نەچووەتە بۆ بەغدا

وەرن پاسپۆرتەکانتان وەرگرنەوە تا نەچووەتە بۆ بەغدا