نووسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین:
وەرن پاسپۆرتەکانتان وەرگرنەوە تا نەچووەتە بۆ بەغدا
964+
ئەحمەد مستەفا
پاسپۆڕتی راپەڕین دەڵێت، ئەوانەی لە ساڵی 2019 وە بۆ کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵی 2024 مامەڵەی پاسپۆرتیان کردووە، یەک هەفتە ماوەیان هەیە بچن وەری بگرنەوە.
بە قسەی خۆیان، گۆکایان نییە و پاسپۆرتەکان دەگەڕێننەوە بۆ بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024، پاسپۆڕتی راپەڕین لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکەنەوە، کە لە ساڵی 2019 ەوە بۆ کۆتایی مانگی 8ی ساڵی2024 مامەڵەی پاسپۆرتیان کردووە لە نووسینگەکەمان، پاسپۆرتەکانیان تەواو بووە.
هەروەها دەڵێن، “داواکارین لەماوەی یەک هەفتەدا سەردانمان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان، بە پێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە سەرجەم پاسپۆرتە تەواوکراوەکان بەڕێدەکرێنەوە بۆ بەغدا بەهۆی نەبوونی کۆگای هەڵگرتنی پاسپۆرت”.
نوسینگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاوڵاتیانە رۆژانە دەتوانن لە کاتژمێر 8:30 ی بەیانی بۆ 12:00 نیوەڕۆ، یان لە کاتژمێر 1:00 نيوەڕۆ بۆ 4:00 ئێوارە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان.
ئیدارەی راپەڕین 630 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، نووسینگەکە رۆژانە 180 بۆ 200 مامەڵەی لە دەوامی ئاسایدا جێبەجێ کردووە، لە ماوەی کارکرنیشیدا 136 هەزار پاسپۆرت تەنیا لەو نووسینگەیەدا دەرهێنراوە، ئێستاش تا 15.1.2025 نزیکەی حەوت هەزار ناو نۆرەیان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت گرتووە.