سەنتەرێکى راهێنانى کۆمەڵایەتى لە عێراق...وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
لە عێراق
چارەسەرى حەوت هەزار ئالودەبووى مادەى هۆشبەر راگەیەنرا
وریا فەتاح
سەنتەرى چاکسازى کۆمەڵایەتى عێراق، چارەسەرى حەوت هەزار ئالودەى مادەى هۆشبەرى پشتڕاستکردەوە، کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانى ئاسایى پێش ئالودەبوون.
عەبدولرەحیم تەها، بەڕێوەبەرى سەنتەرى چاکسازى کۆمەڵایەتى عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى راگەیاندووە، لە چوارچێوەى بەرنامەى حکومەت و سەرۆک وەزیران بۆ کەرتى تەندروستى، لە رێگەى چەندین سەنتەر و نەخۆسخانە و هەڵمەتى پەروەردەیی، توانیویانە حەوت هەزار ئالودەبووى مادەى هۆشبەر چارەسەر بکەن.
بە وتەى عەبدولرەحیم تەها، چارەسەرەکە بەشێوەیەکە کە ئەو کەسانە ئامادەکراون بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە و ژیانیان بۆ دۆخى پێش ئالودەبوون گەڕاوەتەوە.
وەک باسى دەکات، پشتگیرى خێزانەکانیان و دابینکردنى هەلیکار، بەشێکن لە پڕۆسەى جێبەجێکردنى چارەسەر و نەگەڕانەوەیان بۆ بەکارهێنانى مادە هۆشبەرەکان.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC)، “عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیادبوونی گەورەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی بەخۆیەوە بینیوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا لە ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، “دەستیان بەسەر 24 ملیۆن تابلێتی کەپتاگۆندا گرتووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بووە، کە یەکسانە بە زیاتر لە 4.1 تۆن، کە بەهاکەی بە مەزەندەکراوی لە نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلاردایە.
UNODC ئەوەشی وتووە، “پێدەچێت عێراق لە پەیوەندیی رێڕەوی بازرگانیکردنی ناوچەییدا بێت بۆ هەردوو جۆری میتامفیتامین و کەپتاگۆن”، لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کەپتاگۆن لە عێراق، “دەوترێت لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023 سێ ئەوەندە زیادی کردووە، بە گشتی ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2023دا دەستی بەسەردا گیراوە 34 هێندە زیاترە لە ساڵی 2019”.
هەروەها خاکی عێراق لەلایەن بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە خەریکە ببێتە رێڕەوێک بۆ رۆیشتنی ماددە هاندەرە زۆر ئالودەبووەکانی میتامفیتامین کە زیاتر لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێن و بەرەو کەنداو و ئەوروپا دەنێردرێ، بە جۆرێک دەستبەسەرداگرتن لە عێراق لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی 2019 نزیکەی شەش هێندە زیادیکردووە.