بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل
ئیسرائیل بۆ ئێران
“ئەگەر لێمان بدەن ئێمە لێتان دەدەین”
964+
وریا فەتاح
سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل هەڕەشەى نوێ لە ئێران دەکات و دەشڵێت: موشەکاکانى حەماس 90%یان پوچەڵکراونەتەوە و دەبێت شکست بە حیزبوڵڵاش بهێنن.
لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە و بەرەی باشووری لوبنان بەردەوامە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتارێکى پێشکەشکرد.
لە وتارەکەیدا ناتانیاهۆ رایگەیاند، کە بەنیازى بەشداریکردن نەبووە لە کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا ئیسرائیل لەشەڕدایە، بەڵام دەستپێکى وتارەکەى بە هەڕەشە بۆسەر ئێران دەستپێکرد باسى لەوەکرد، ئیسرائیل شەڕى مانەوە دەکات و لە حەوت بەرەدا شەڕدەکات و ئێرانیشى بەهۆکارى ئەو شەڕانە زانی کە لە دژى وڵاتەکەى رێکخراون.
لەبارەى هەڕەشەى ئێرانەوە ناتانیاهۆ وتى،”ئەگەر لێمان بدەن ئێمە لێتان دەدەین، هیچ شوێنێک لە ئێراندا نییە کە ئیسرائیل پێی نەگات”.
ناتانیاهۆ لە وتارەکەیدا، بەڵێنی گەڕاندنەوەی ئەو زیندانیانەی دا کە نزیکەی ساڵێکە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون.
” ئیسرائیل 90%ـى تواناى سەربازى موشەکەکانی بزوتنەوەى حەماسى لەناوبردووە”، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل واى وت.
جەختیشى کردەوە لە لەناوبردنى حەماس بۆ ئەوەى هێرشى حەوتى ئۆکتۆبەر دووبارە نەبێتەوە.
“ئەگەر حەماس خۆى رادەست بکات و چەک دابنێت و دیلەکانى ئیسرائیل ئازاد بکات، کۆتایى بەشەڕ دێت”، ئەوەى مەرجى ناتانیاهۆ بوو بۆ کۆتایى هێنان بەشەڕ، کە لە وتارەکەیدا باسى کرد.
لە بارەى لوبنانیشەوە، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل ئاماژەى بەوەکرد، کە دەبێت شکست بە حیزبوڵڵا بهێنن، وەکخۆى دەڵێت جگە لەوە هیچ بەدیلێکى دیکەیان نییە.
دەشڵێت: حیزبوڵڵا شەڕى هەڵبژاردووە، بۆیە شەڕ لە دژى لوبنان بەردەوام دەبێت.