وەزیرى تەندروستى عێراق:

نەخۆشى هەوکردنى پەردەى مێشک لە راگەیاندنەوە گەورە کراوە

964+

وریا فەتاح

وەزیری تەندروستی عێراق، ئاشکرای کرد، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لە ماوەی رابردوودا تۆمار کراون تەنیا گومانلێکراو بوون و 90%ـی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی «هەوکردنی مێشک»ـەوە بووە، نەک هەوکردنی پەردەی مێشک.

د. عەبدولحسێن عەزیز موسەوی،وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوەی لەبارەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک دەوترێت، گەورەکردنێکی میدیاییە بۆ دروستکردنی قەیرانێکی تەندروستی و ناکرێت حاڵەتەکانی تووشبوون وەک «پەتا» ناوببرێن.

سەبارەت بە ئامارەکانیش روونی کردەوە، لە ماوەی ساڵێکی تەواودا تەنیا 4 قوتابی و 1 مامۆستا گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا مردن بەهۆی ئەنفلۆنزاوە چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە بووە، بۆیە جەختی کردەوە کە نابێت ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکدا بڵاوبکرێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە لە ساڵانی رابردووشدا ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی هەوکردنى پەردەى مێشک زۆر بووە، بەڵام هیچ هەڵایەکی میدیایی لەسەر دروست نەکراوە، هاوکات دڵنیایی دا کە هۆشیاری و خۆپارێزی بە رێژەی 85% رێگری لە تووشبوون بەم نەخۆشییە دەکات.