بودجەیان ناردووە بۆ دارایى

کۆمیسیۆن: بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان 10 مانگمان پێویستە

کاروان ساڵحى – کەرکوک

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند و ئاشکرای کرد، بودجەی پێویستیان بۆ پرۆسەکە دیاری کردووە و رەوانەی وەزارەتی داراییان کردووە.

کۆمیسیۆن باسی لەوە کردووە کە هەر کاتێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و خودی کۆمیسیۆنەوە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت، ئەوان ئامادەن، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن پێشوەختە پێویستی بە 9 بۆ 10 مانگ کات هەیە.

سەبارەت بە داتای دەنگدەران، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تا ئێستا تەنیا داتای ناسنامەی دەنگدەرانی شاری بەغدا گەیشتووەتە دەستیان، چاوەڕێن داتای پارێزگاکانی دیکەش بگات کە دوا مۆڵەت بۆ گەیشتنیان 10ی کانوونی یەکەمی 2026ـە.

لەبارەی کارتی دەنگدانیشەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەنگدان بە کارتی بایۆمەترییە، بەڵام ئەگەر پێداچوونەوە بە یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2013ـدا بکرێت و گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، ئەو کاتە دەتوانرێت هاوشێوەی کارتی بایۆمەتری، پشت بە کارتی نیشتمانیش ببەسترێت و کاتێکی بۆ دیاری بکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح