ئاواتەکەیان هاتەدى

بە هەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست پەسەندکرا

964+

وریا فەتاح

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسندکرد.

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕگەى یەکەمى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی وپزیشکی دەیانگرێتەوە) دەیانگرێتەوە.

دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی راژە و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە رەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندکراوە.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ رەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا،  بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەنجومەنى وەزیران:

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و رێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجومەنی گشتی راژەی هەرێمی کوردستان راسپێردران کە رێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013ـەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی راژە لە هەرێم راسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتی راژەی فیدڕاڵ، رێکاریی پێویست بگرنەبەر.

فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داوای هەمیشەیی بوون...

فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داوای هەمیشەیی بوون دەکەن