دیمەنی بەرپرسانی قەزای دەربەندیخان لە شوێنی پرۆژی ئاوەڕۆی بەنداوی دێوانە.وێنە.قایمقامیەتی دەربەندیخان
چیتر ئاوی زێراب تێکەڵی بەنداوەکە نابێت
پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی بەنداوی دێوانە راگەیەندرا
توانا نەقی
پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی لە نزیک بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان راگەیندرا و وابڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە کارکردن بکرێت لە پرۆژەکەدا.
لە ساڵی 2011ـەوە دەبوو ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرایە بەڵام بە قسەی شارەوانی دواکەوتووە بە چەند هۆکارێک و لە ناویاندا هۆکارایی داراییە
عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئەم ئاوەڕۆ سندوقییە بە درێژایی شەش کیلۆمەتر دەبێت و بە تەواوبوونی جارێکی دیکە هیچ ئاوەڕۆیەکی پیس و زێراب تێکەڵی بەنداوەکە نابێتەوە.
وتیشی، هەموو رێکارە ئیداریەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار کە کۆمپانیای پاراوە تەواو بووە و ئیتر لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەیەوە دەست دەکرێت بە کارکردن لە پرۆژەکەدا .
پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی بەنداوی دێوانە تێچووەکەی 6 ملیار و 956 ملیۆن دینارە و دەبێت لە ماوەی دووساڵی داهاتوودا تەواو بکرێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان لەسەر پرۆژەکە بە 964ـی وت، ئەم پرۆژەیە بەنداوەکە لە هەموو جۆرە پیس بوونێک دەپارێزێت پێشتر هەموو ئاوی زێراب و ئاوەڕۆی پیسی ماڵان دەڕژانە بەنداوەکەوە.
بەنداوی دێوانە دەکەوێتە قەزای دەبەندیخان و 42 مەتر بەرزە و 260 مەتر پانە توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێخا ئاوی هەیە.