كۆمیسیۆن چی دەڵێت؟

چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان دەستپێبكات

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، سبەی لە بەغدا كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەكەن، 964یش وای بۆ دەچێت وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان رابگەیەندرێت.

جومانە غەلای ئەمڕۆ دووشەممە 23.9.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سبەی سێشەممە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن و داوا لە میدیاكان دەكات ئامادەبن.

"لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دار و دیوار مەكەن بە سیكۆتین و لەزگە و بزمار"

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا سبەی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان رادەگەیەندرێت، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی: نازانم، تەنیا ئەنجومەنی كۆمیسیاران پێیان راگەیاندنم میدیاكاران ئاگادار بكەمەوە و نازانم ناوەڕۆكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە چییە.

لە هەرێمی كوردستان میدیای نزیك لە حزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكەن سبەی لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت، تەنانەت هەندێكیان دەڵێن دووسبەی چوارشەممە هەڵمەتەكە دەستپێدەكات.

بڕیارە 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بێتە ئەنجامدان و دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.