خانمە دەنگ خۆشەکەی کورد
19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی تێپەڕی
964+
شۆڕش قادری
19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی خانمە دەنگ خۆشەکەی کورد مەرزیە فەریقی تێپەڕی.
مەرزیە شەهاب عەبدوڵا ناسراو بە مەرزیە فەریقی 22 ئایاری 1958 لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و 18ـى ئەیلولی 2005 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید کۆچی دوایی کرد.
لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ کوردستان و لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردرا.
فەریقی خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە، ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە قوتابخانەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا بەشداری کردووە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.
مەرزیە سەرەتا بە گۆرانی فارسی و بە وتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەند فەتانە وەلیدی دەستی پێکردووە، دواتر وازی لە گۆرانیی فارسی ھێناوە و گوتنی ئاوازیی کوردی دەست پێکردووە.
مەرزیە فەریقی یەکەم هونەرمەندی ژن بووە سرودی تۆمار کردووە لەوانە “سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ئومێدی مەت پێشکەش”، خاوەنی چەندین ئەڵبۆم و ئاوازی کوردییە کە تا ئێستاش لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە و بەردەوام لێدەدرێنەوە.