گەرمیانییەکان ناچنە کتێبخانەی گشتی شارەکەیان

+964

هونەر فارس

ئاستی خوێندنەوە لە گەرمیان رووی لە کزی کردووە، لە سێ ساڵدا بە 10 کتێبخانە 12 هەزار کەس سەردانی کردوون.

کتێبخانەی گەرمیان، ئاشکرای دەکات بەراورد بە 2021، لە ساڵی 2022 ژامرەی سەردانیکارانی کتێبخانە حکومەییەکان بۆ نیوە کەمی کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکە بێت کە دەست تۆڕی964 کەوتووە، لە ساڵی رابردوو تەنیا سێ هەزار و 956 کەس سەردانی کتێبخانە حکومەییەکانی کردووە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کە ژمارەی کتێبخانە حکومیەکان تێیدا 10 کتێبخانەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021 ئەو ژمارەیە شەش هەزار و 985 کەس بووە.

شیرین مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی گەرمیان بە تۆڕی 964ی راگەیاند: ئاستی خوێندنەوە لە گەرمیاندا رووی لە دابەزین کەردووە و گەنجان بە کەمی خۆیان بە کتێبەوە سەرقاڵ دەکەن.

رێزان حەسەن، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە کاری نوسین کردووە، لەمبارەیەوە دەڵێ: جگە لە هۆکاری مادی، ئەوا هۆکاری سەرەکی پەراوێزخستنی کتێب لە لایەن خوێنەرانەوە بۆ تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە.

ئەو پێیوایە گەنجان هێندەی خۆیان بە بابەتی نادروست و نا پێویستەوە سەرقاڵ دەکەن هێندە گرنگی بە خوێندنەوەی کتێب نادەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەکانی گەرمیان خۆی لە 10 کتێبخانە دەبینێتەوە لە کۆی سەرجەمیشیان لە ماوەی سێ ساڵدا تەنیا 12 هەزار و 952 سەردانیکەری هەبووە کە بەشی سەرەکیشیان بەدوای سەرچاوەدا گەڕاون بۆ توێژینەوە.