بۆ 13ـى 11ـى 2024
دانیشتنى دادگاى فیدڕاڵى بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵاى جوتیارانى کورد دواخرا
964+
وریا فەتاح
بڕیاردانى دادگاى فیدڕاڵى لەسەر سکاڵایەکى جوتیارانى کورد بۆ 13.11.2024 دواخرا، نوێنەرى جوتیارانی کورد بە ئومێدە کە لە دادگا لە بەرژەوەندى ئەوان بڕیار دەدات.
محەمەد ئەمین، نوێنەرى جوتیارانى سەرگەڕان کە ئێستا لە بەغدایە و لە دانیشتنى دادگاى فیدڕاڵى ئامادەبوو کە وەک نوێنەرانى جوتیارانى سەرگەڕان و داقوق دوو سکاڵایان بۆ وەرگرتنەوەى 82 هەزار دۆنم زەوى لە دادگاى فیدڕاڵى تۆمار کردووە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دانیشتنەکە بۆ 13.11.2024 دواخرا، بەڵام لەو دانیشتنەدا بڕیارى تێدا دەدرێت.
سکاڵاکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (قیادة الثورة)ـى سەردەمى بەعسن، کە یەکێکیان بڕیارى ژمارە 949 تایبەتە بە ناوچەى سەرگەڕان و ئەوەى تریش بڕیارى ژمارە 824ـە کە تایبەتە بە سنوورى داقوق.
“بەهۆى ئەم دوو بڕیارەوە 82 هەزار دۆنم زەوى لە جوتیارانى کورد وەرگیراوەتەوە کە 44 هەزار دۆنمیان هى جوتیارانى سەرگەڕانن و 38 هەزار دۆنمیش هى جوتیارانى داقوقن”، نوێنەرەکەى جوتیاران واى وت.
سکاڵاى نوێنەرى جوتیاران لە دژى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو بڕیارەى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (قیادة الثورة)، بدات.
بە وتەى ئەو نوێنەرەى جوتیاران، لە دانیشتنى ئەمڕۆى دادگادا، گوێ لە هەردوولا گیراوە، بەڵام دانیشتن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو دوو سکاڵایە بۆ 13.11.2024 داخراوە.
وەک باسى دەکات، لە دانیشتنى داهاتوودا بڕیار دەدرێت و گەشبینیشە کە لە بەرژەوەندى جوتیارانى کورد دەبێت.