”پەنیری خۆماڵی کەمبووەتەوە“
بەرهەمی پەنیر لە پشدەر بەراود بەساڵانی رابردوو بۆ نیوە کەمیکردووە
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
لە پشدەر بەهۆی کەمبوونەوەی پیشەی ئاژەڵداری، بەرهەمی پەنیری خۆماڵی کەمبووەتەوە، خاوەنی کونەپێستێکی پەنیریش دەڵێت، “ئاوا بڕوات دەبێت کونەپێستەکەمان دابخەین”.
حاجی ئیبراهیم، نیوسەدەیە کاری کونەپێست دەکات، رۆژی یەکشەممە 15.9.2024، بە 964ـی وت، “من نیو سەدەیە بەپیشەی کونەپێستەوە خەریکم لە گوندی بێگەڵاس بژێویی ژیانم لەوڕێگەیەوە دابین دەکەم، ساڵ بۆ ساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمی پەنیر کەم دەبێتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی پیشەی ئاژەڵدارییەوە، کە ئاوا بەردەوامبێت دەبێت کونەپێستەکەمان دابخەین.
بەقسەی حاجی ئیبڕاهیم بێت، ساڵانی رابردوو نزیکی 2000 پێستەپەنیر بۆ لای ئەوان دەهات لەلایەن ئاژەڵدارانەوە، بۆئەوەی لەناو کونەپێستەکەدا بۆیان هەڵبگرن، بەڵام ئێستا لەو رێژەیە نزیکەی 600 قەدەڵە پەنیری هاوڵاتیانی تێدایە و کەمبووەتەوە.
کونەپێست رێگایەکی دێرینە و پەناگەیەکە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی پەنیر بەهۆی فێنکی لەناویدا دەیپارێزێت لە خراپبوونی، هاوڵاتیان و ئاژەڵداران لە ناوەڕاستی بەهاردا لە ناویدا دایدەنێن و هەڵیدەگرن، لە ناوەڕاستی پایزیشدا دەیهێننە دەرەوە، نزیکەی 10 کونەپێست لە پشدەر بونیان هەیە.
لەگەڵ کەمبونەوەیدا خواست لەسەر بەرهەمی پەنیر زیادی کردووە، نرخەکەشی بەرزبووەتەوە، لەئێستادا نرخی یەک کیلۆ پەنیر لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دینارە، کە ساڵانی رابردوو لەو رێژەیە نرخەکەی زۆر کەمتر بوو.
کەمبوونەوەی لەوەڕگاکان و بەردەوامی بۆردوومانەکانی ناوچە سنوریەکان و پشت گوێ خستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەهۆکاریی پاشەکشێی کەرتی ئاژەڵداری لە سنورەکە دادەنرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش