كشتوكاڵ له‌ هۆكاره‌كه‌ى ده‌كۆڵێته‌وه‌

هۆكارێكی نادیار 85 سندوق مێشى له‌ گوندێكی گه‌رمیان له‌ناو بردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كشتوكاڵى گه‌رمیان ده‌ڵێت، هه‌واڵیان پێگه‌یشت كه‌ له‌ گوندێكی سنووره‌كه‌یان 85 سندوق مێشی هه‌نگه‌وانێك له‌ناو چوونه‌، كاتێك سه‌ردانى شوێنه‌كه‌یان كرد، بۆیان ده‌ركه‌وت هۆكاره‌كه‌ى نادیاره‌ به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

گونده‌كه‌ ناوى (بان ئاسیاو)ه‌ له‌سنورى ناحیه‌ى كۆكس له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان.

نه‌به‌ز جیهانگیر، به‌ڕێوه‌به‌رى ‎بەشی پاراستنی رووەک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كشوكاڵى گه‌رمیان، كه‌ له‌گه‌ڵ تیمێك سه‌ردانى ئه‌م گونده‌ى كردبوو، به‌ 964ـى راگه‌یاند، هۆكارى له‌ناوچوونى مێشه‌كان نه‌زاندراوه‌، ته‌نیا گومانێك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌هۆى قڕكه‌رى كشتوكاڵییه‌وه‌ بووبێت.

گومانه‌كه‌، به‌كارهێنانى قڕکەری کشتوکاڵییه‌ لە کێڵگەیه‌كی دەوروبەری ئەم سندوق مێشانە كه‌ لەکاتی کۆکردنەوەی هەڵاڵە ژەهراوی بووبن.

وتیشی “نمونه‌ى مێشێكی له‌ناوچوومان هێناوه‌ بۆ پشكنین، بۆئه‌وه‌ى راستى هۆكارى له‌ناوچوونى ئه‌م هه‌موو مێشه‌هه‌نگه‌ بزانین”.

به‌قسه‌ى ناوبراو به‌شێك له‌ 85 سندوقه‌ مێشه‌كه‌ بریتی بوونه‌ له‌ سێ شانه‌ و به‌شێكیشیان دوو شانه‌ و پێنج شانه‌ بوو.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێری داهاتوودا ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌وانیش رێكار و رێنمایی پێویست به‌ خاوه‌ن مێشه‌كه‌ ده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان حاڵه‌ت له‌ گوندێكی دیكه‌ى ناحیه‌ى كۆكس روویدابوو و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌م حاڵەتى هاوشێوە له‌ گوندێكی سنوورى ناحیه‌ى مه‌یدان هه‌بووه‌.

هه‌ر هه‌نگه‌وانێك كه‌نده‌سمه‌ (ره‌نگاڵه‌) بكوژێ د...

هه‌ر هه‌نگه‌وانێك كه‌نده‌سمه‌ (ره‌نگاڵه‌) بكوژێ ده‌ستگیرى ده‌كه‌ین