شاندێكی عێراق گه‌یشته‌ ئێران

ئێران له‌ باره‌ی سنووره‌كانه‌وه‌ هۆشداری به‌ عێراق ده‌دات

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران محەممەد موخبير، داوای لە حکومەتی عێراق کرد وریا بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سنوورەکان و هۆشداری دا لەوه‌ی نه‌بنه‌ ئامرازی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هه‌روه‌ها جەختی لە گرنگیی رەچاوکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی کرد.

موخبەر لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28.11.2026 نووسیویه‌تی، بنەمای چارەنووسی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پایەیەکی بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، جەختیشی لەسەر پشتیوانی تاران بۆ عێراق لەم هەلومەرجە سەختەدا کردەوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی لەسەر پێویستی وریایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی سنوورەکان کرد بۆ ئەوەی بەغدا نەبێتە ئامرازێک لە دەستی ئەو کەسانەی کە بە “دوژمنی ئیسلام” وەسفی کردوون، یان ملکەچی سیاسەتەکانی ترەمپ نەبێت.

لێدوانەکانی مۆخبەر لەدوای رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی عێراقەوە دێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و داخستنی ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی، كه‌ هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دووپاتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوت.

شاندێكی عێراق گه‌یشتنه‌ تاران

كه‌ناڵی ئه‌لحه‌ده‌س، كه‌مێك پێش ئێستا بڵاویكرده‌وه‌، شاندێكی باڵای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، گه‌یشتنه‌ تاران و بڕیاره‌ له‌وێ له‌ باره‌ی پرسه سیاسی و ئه‌منییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن.