سلێمانی

یه‌كێتی و پارتی له‌ ئاستێكی باڵا كۆده‌بنه‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

په‌یامنێری 964 له‌ سلێمانی زانیاریی ئه‌وه‌ی گه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی باڵای نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ک چاوه‌ڕواننه‌كراو، شاندێكی باڵای پارتی، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، گه‌یشتنه‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ پێكهاتوون له‌ بافڵ تاڵه‌بانی، قوباد تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی كۆده‌بنه‌وه‌.

وه‌ک په‌یامنێری 964 زانیاری لە سەرچاوەی نزیک لە کۆبوونەوەکە وه‌رگرتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و بارودۆخه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هاتووەتە پێشه‌وه‌، چاوه‌ڕێده‌كرێت گفتوگۆ لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بکرێت.

هه‌فته‌ی رابردوو دوای بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به‌ داخستنی ده‌روازه‌ نافه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان، دوای دوو ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار پارتی و یه‌كێتی راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدایان به‌ “ناده‌ستووری” وه‌سف كرد.

هاوكات بڕیاره‌ سێشه‌ممه‌ شاندێكی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن، بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ی هاتوونه‌ته‌پێش.