فەرمانگەى میدیا و زانیارى:

پێکنەهێنانى ئەنجومەنى فیدڕاڵى پێشێلکارى دەستوورییە

وریا فەتاح

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە پێشێلکارییە دەستوورییە دیارەکانی عێراقی فیدراڵ، کە بریتییە لە پێکنەهێنانی “ئەنجومەنی فیدراڵی”، سەرەڕای ئەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2010ـی وەک دوا وادە بۆ پێکهێنانی دیاری کردبوو.

بەگوێرەی ماددەی 48 و ماددەی 65ـی دەستووری عێراقی ساڵی2005، دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە دوو ئەنجومەنی سەرەکی پێکدێت: “ئەنجومەنی نوێنەران” و “ئەنجومەنی فیدراڵی”. ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا رێکنەخراون، تاوەکو هاوسەنگیی دەسەڵات بپارێزرێت و رێگری لە تاکڕەویی زۆرینەی پەرلەمانی بکرێت لە دەرکردنی یاساکاندا.

سەبارەت بە وادە یاساییەکە، بەپێی ماددەی 137ـی دەستوور، بڕگە تایبەتەکان بە ئەنجومەنی فیدراڵی تا کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (کە لە ساڵی 2010 کۆتایی هات) دواخرابوون، بەمەش پێویست بوو لەو ساڵەدا ئەم ئەنجومەنە پێکبهێنرێت. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین خولی هەڵبژاردن و بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و نەبوونی ئیرادەی جێبەجێکردنی دەستوور لە بەغدا، تا ئێستا یاسای ئەم ئەنجومەنە پەسەند نەکراوە، کە بەپێی دەستوور پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە.

کێشەى پێکنەهێنانى ئەنجومەنى فیدڕاڵى چییە؟

پەراوێزخستنی ئەنجومەنی فیدراڵی زیانێکی گەورەی بە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق گەیاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی بڕیار و یاساکان تەنیا لە رێگەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یەکلایی بکرێنەوە، بەبێ بوونی دامەزراوەیەکی دەستووری کە مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بپارێزێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جگە لەم ماددەیە، چەندین بڕگەی دیکەی گرنگی دەستوور، وەک ماددەی ١٤٠ و یاسای نەوت و گاز، بە هەمان شێوە بە جێبەجێنەکراوی ماونەتەوە