بەنزین لە ماڵەکەیدا بووە
ماڵى بەنزین فرۆشێک لە دارەتوو ئاگرى گرت
964+
دەشتى عارف- هەولێر
کەمێک پێش ئێستا، لە ناحیەى دارەتووى سەر بە هەولێر، ئاگر لە ماڵى بەنزین فرۆشێک کەوتەوە و تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە شوێنى رووداوەکەن.
شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بە 964ـى وت،” ماڵى بەنزین فرۆشێکە و ئاگرى گرتووە، تیمەکان لەوێن و تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە”.
بەپێى قسەى شایەدحاڵێک لە شوێنى رووداوەکە کە بۆ 964 قسەى کردووە، لەناو ماڵەکەدا بەنزین هەبووە بۆیە ئاگرەکە گەورەیە و زیانى زۆرى لێکەوتووەتەوە.
بە وتەى ئەو شایەدحاڵە، جگە لە ماڵەکە ئۆتۆمبێلێکیش سووتاوە.
وەک ئەوەى شایەدحاڵەکە باسى کرد، ئاگرەکە بەهۆى ئەوەوە کەوتووەتەوە، ژنى ماڵەکە بە پەرامێز نانى کردووە، بەڵام لە ناو ماڵەکە بەنزین هەبووە و بووەتە هۆى دروستبوونى ئاگر.
“زیاتر لە 20 دەبەى بەنزین سووتاوە و بەشێکى بەهۆى ئەوەى تەقیوە تێکەڵ بە ئاوەڕۆ بووە و ئاگرەکە هاتووەتە دەرەوە و ئۆتۆمبێلێکى سووتاندووە و بەشێکى دوکانێکیش سووتاوە”، شایەدحاڵەکە واى وت.
بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964 لە شوێنى رووداوەکە، زیانى گیانى نەبووە و لەگەڵ کەوتنەوەى ئاگرەکە سێ کەس لە ماڵەکە هاتوونەتە دەرەوە، حەوشەى ماڵەکە و ئۆتۆمبێلێکى باجیڕۆ و دوکانێک سووتاوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح