سزاکە بەسەر سەربازێک جێبەجێدەکرێت

دوای 80 ساڵ ترەمپ سزای لە سێدارەدانی سەربازی بە گولـلەبارانکردن پەسەندکرد

کاکەلاو عەبدوڵا

بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری لەسێدارەدانی سەربازیی بە گولـلەبارانکردن بۆ سەربازێکی پێشووی ئەمریکا پەسەندکرد.

شۆن پارنێل، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، پێت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێشنیازی بڕیارەکەی کردووە و سەرۆکی ئەمریکاش پەسەندی کردووە.

سەربازەکە ناوی نیداڵ مالیک حەسەنە و بە رەگەز عەرەبە، پێشتر پلەی رائیدی هەبووە و پزیشکی دەروونی بووە لە سوپای ئەمریکا.

لە ساڵی 2009 لە بنکەی سەربازی فۆرت هوود دەستدڕێژی گولـلەی لە سەربازانی ئەمریکی کرد و بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و 32 کەسی دیکەش برینداربوون. دواتر لە کاتی دادگاییکردندا، نیداڵ حەسەن نکوڵی لەکارەکەی نەکرد و دانی پێدا نا، داوای لێبوردنیشی کرد بۆ هەر “هەڵەیەک” کە کردوویەتی.

ئەو بڕیارەی ترەمپ پەسەندی کرد لە ساڵی 1945ـەوە جێبەجێنەکراوە چونکە دواین کەس لە سوپای ئەمریکا لەڕێی گولـلەبارانکردووە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرابێت لەو ساڵەدا بوو.

پێشتریش لە ساڵی 1961 سەربازێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرا، بەڵام لەڕێی گولـلەبارانکردنەوە نەبوو.

هێشتا کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیار نییە و وتەبێژی پێنتاگۆن وتی، وەزیری سوپا کاتەکەی دیاریدەکات.