یەکلاکەرەوەیە بۆ قوتابیان
شارەزایەکی زانکۆلاین: هەندێ لە پەیمانگاکان بە پارە قوتابیان تووشی کارەسات کردووە
دیلان محەمەد -سلێمانی
بە هەزاران دەرچوو لەبەردەم چارەنووسێکی یەکلاکەرەوەدان دەبێ باش ئاگاداربن لە پڕکرنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین چونکە ئەگەر بەغەڵەت تۆماری بکەن ئەوا ئەو بەشە وەریان ناگرێت کە لایەق بە نمرەکەیانە، یەکێک لەو کەسانەی شارەزای زانکۆلاینە دەڵێ: بەشێک لە پەیمانگاکان بە پار کارەساتیان بەسەر قوتابیان هێناوە.
یوسف عەلی راوێژکاری زانکۆلاین قسەی بۆ 964 کردو وتی ”قوتابییەکمان هەبووە نمرەی 92ی هێناوە، کەچی یەکێک لەو پەیمانگایانەی بە پارە فۆڕمەکە پڕ دەکەنەوە چوون بەشێکیان بۆ نووسیوە کە 57 وەریدەگرێ”.
یوسف عەلی و چەند شارەزایەکی تر ئەم چەند رۆژە لە پێشانگای نێکست ستێب بوون لە سلێمانی تا یارمەتی قوتابیان بدەین.
نێکست ستێب رۆژی شەممە دەستی پێکردو تا ئەمڕۆ بلە کارگەی کولتوری سلێمانی بەردەوام بوو، ئیشی سەرەکییان ئەوەیە راوێژ بە دەرچوانی پۆلی 12 دەدەن کە دەیانەوێ فۆڕمی زانکۆلاین پڕ بکەنەوە.
یوسف عەلی دەڵێت ”ئەوانەی نەشارەزان و نابێ فۆڕم پڕ بکەنەوە، چونکە ئەمە چارەنووسی قوتابی و خێزانەکەی لەسەر وەستاوە”.