کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی بێ ئەنجام کۆتایی هات
964+
هێمن بەکر
دوای چەند مانگ گرژی لە پەیوەندییەکانیان، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە، بەڵام بێ ئەنجام کۆتایی هات و دەڵێن لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دیسان کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی کانونی دووەم، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن “رێککەوتین لە دەرفەتێکی نزیکدا دووبارە هەردوو شاندەکە کۆببینەوە”.
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر کۆمەڵێک دۆسییە لەسەرووی هەموویانەوە پرسی شەراکەت لە حکومەت و داهاتە نانەوتییەکان، هەروەها پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرژییان تێکەوتووە، ئەو گرژییەش پەلی کێشا بۆ کشانەوەی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەنانەت لە گروپی واتس ئاپی حکومەتیش کشانەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە بوو لەنێوان ئەو دوو لایەنە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولا کە تێیدا لەسەر چەند پرسێک بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەی نێوانیان هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییان کردووە و هەردوولا راو سەرنج و تێبینی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتریان خستۆتەڕوو، ئەوە جگە لەوەی هەردوولا رێککەوتن کە لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت”.