پێشتر شەڕگە بووە
ئەو تەقەمەنیانە لابران کە رێگربوون بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی
964+
ژووری هەواڵ
دەزگای گشتیی کاروباری مین زەوییەکی بە رووبەری 15 هەزار مەتر دوجا لە مین و تەقەمەنی پاککردەوە کە رێگربوو لە بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی.
زەوییەکە لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانییە، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای مین بە 964ـی راگەیاند، پێشتر شوێنەکە شەڕگە بووە و مەترسیی بۆ ستافی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دروستکردووە.
لە زەوییەکەدا 197 پارچە مین و تەقەمەنی دۆزراوەتەوە، سەرۆکی دەزگای مین وای وت.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی یان ئۆتۆبانی بابان، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە، حەوت یەكتربڕ و پێنج ئەندەرپاس و یەك ئۆڤەرپاسی تێدایە.
شەقامەكە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی دەمركانی سەر رێگای عەربەت، پێكهاتووە لە چوار سایدی دووانی هاتن و دووانی رۆیشتن بەپانی 100 مەتر، بەشێکیشی بە نزیک گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت.