4 هەزار سبلێت فرۆشراوە

لە ترسى پارەى کارەبا؛ ماڵەکانى کۆیە سبلێتەکانیان دەفرۆشن

دەریا ئەحمەد – کۆیە

بەهۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکى و ترسی هاووڵاتیان لە هاتنەوەی پسوولەی پارەیەکی زۆری کارەبا، خەڵکی کۆیە بە لێشاو سپلیتەکانیان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشنەوە، بە جۆرێک تەنیا لەمساڵدا هەزاران سپلیت لەو شارە کراونەتە سکراب.

ئاکۆ ئەکرەم، کە خاوەنی کۆگایەکی کڕینەوەی سپلیتی دەستی دووە لە کۆیە، بە 964ـی وت، “ساڵانی رابردوو تەنیا ئەو سپلیتانە دەفرۆشران کە بێکەڵک و لەکارکەوتوو بوون، بەڵام ئەمساڵ سپلیت هەبووە تەنیا 10 کاتژمێر کاری کردووە، ئێمە کڕیومانەتەوە و کردوومانەتە سکراب، هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە هاووڵاتیان لە ترسی زۆریی پارەی کارەبا وازیان لە کارپێکردنی هێناوە.”

ئاکۆ ئاشکراشی کرد کە بازاڕی کڕینەوەی سپلیت یەکجار گەرمە، ئاشکراشى کرد کە تەنیا لەمساڵدا نزیکەی چوار هەزار سپلیتیان لە کۆیە کڕیوەتەوە، تەنانەت ماڵ هەبووە بە یەکجار 13 سپلیتی پێ فرۆشتووین.”

لاى خۆیەوە هاوکار عەزیز، کە هاوبەش و هاوپیشەی ئاکۆیە، زانیاریی زیاتری بە 964 دا و باسی لەوە کرد، ئەو سپلیتانەی دەفرۆشرێن زۆربەیان ئەوانەن کە کارەبایەکی زۆریان پێویستە و دەڵێت.

روونیشى کردەوە، هەندێکجار کە سپلیتە کۆنەکەیان لە خاوەن ماڵەکە کڕیوەتەوە، هەر لەوێدا سپلیتێکی جۆری (ئینڤێرتەر)یان بۆ بەستوون، چونکە کارەبایەکی کەمتری دەوێت و لە پڕۆژەی رووناکیدا گونجاوترە.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هەزاران سپلیتەی دەیانکڕنەوە، هاوکار عەزیز وتی،”زۆربەی سپلیتەکان هەڵدەوەشێنین و دەیکەینە پارچە. لەبەر ئەوەی دروستکراوی چینن، پارچەکانیان دەنێرینەوە بۆ چین. بەشێکی کەمیشی ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.”

لە رێکەوتی 2.4.2026ـەوە، پڕۆژەی رووناکى بۆ پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری لە کۆیە چالاک کراوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، هاووڵاتیان لە ترسی ئەوەی ناتوانن بڕە پارەی پێویست بۆ بەکارهێنانی کارەبای زۆر دابین بکەن، ناچارن ئامێرەکانیان بەتایبەت سپلیت، بە نرخێکی هەرزان بفرۆشنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح