یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات

سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە بەغدا

شۆڕش قادری

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەمەد شیا‌ع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن محەمەد شیا‌ع سودانی پێشوازی لێکراوە.

سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق یەکەم سەردانیەتی بۆ دەرەوەی وڵات دوای بوون بە سەرۆک کۆماری ئێران، بۆیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بەو وتەی خۆی، دوای بەغدا سەردانی هەولێر و سلێمانیش دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11.9.2024 و چەند کاتژمێرێک پیش سەردانەکەی پزیشکیان، دەنگێکی بەهێز لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی بەغدا بیسترا و دەنگۆی ئەوە هەبوو بۆردومان کرابێت.

بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکەخانەی بەغدا بە ئامانج گیراوە و دوو موشەک کەوتووەنەتە خوارەوە لە دەوروبەری کەمپی دبلن لە بنکەی سەربازی ئەمریکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەندێکیش دەڵێن تەقینەوە بووە.