زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ - وێنە: قائیمقامیەتی چەمچەماڵ
بە تێچووی 84 ملیۆن دینار
پاش ساڵێک کێشەی بێ ئاویی زانکۆی چەرموو چارەسەر کرا
شۆڕش قادری
پاش یەک ساڵ کێشەی کەم ئاویی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ چارەسەر کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، لە چوارچێوەی پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم / دانەغاز، دروستکردنی بیرێکی ئیرتیوازی و حەوزێکی کۆکردنەوەی ئاو بۆ زانکۆی چەرموو تەواو بووە و خراوەتە خزمەت قوتابیانی زانکۆکەوە”.
“پڕۆژەکە بە تێچووی 84 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و زیاتر لە 50 ملیۆن دیناری لەلایەن کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم / دانەغازەوە دابینکراوە”، قائیمقامیەتی چەمچەماڵ وادەڵێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، پڕۆژەکە کێشەی کەمئاویی زانکۆی چەرمووی بە تەواوی چارەسەر کردووە و جگە لەوەش، رۆژانە بە تانکەر 400 هەزار لیتر ئاو بە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ دەگەیەنێت، کە کۆمپانیای ئانزۆ ئەرکی دابەشکردنی لەئەستۆ گرتووە.
رۆژی 7.9.2023 شاندێکی کۆمپانیای کرسنت پترۆلیۆم / دانەغاز سەردانی زانکۆی چەرموویان کرد و لەلایەن قایمقامی چەمچەماڵەوە داوای چارەسەری کێشەی کەمئاویی زانکۆکەیان لێ کرا، دوێنێ پاش ساڵێک پڕۆژەکە تەواو بوو و خرایە خزمەتی قوتابیانەوە.