دەرکراون لەسەر کارەکەیان
بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی تەقتەق گردبوونەوە
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
97 کرێکاری کێڵگەی نەوتی تەقتەق کە تەمەنی کارکردنیان زیاترە لە 18 ساڵ، بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر لە کارەکانیان دوورخرانەوە و دەرکران، ئەوانیش شەقامی بەردەم کێڵگەکەیان گرت و گردبوونەوە و داوا گەڕانەوەیان بۆ سەرکارەکانیان دەکەن.
تەواوی ئەو کرێکارانە خاوەن ماڵ و خێزاندارن، وەک خۆیان باسیان دەکرد تەواوی تەمەنی کارکردنیان لەو کێڵگەیە بەسەربردووە و خۆیان بێبەشکردووە لە دامەزراندن و کارکردن لە شوێنی دیکەو هیچ وەفایەکیان نەبووە بۆ ئەو هەموو ساڵەی کارکردنیان.
شێروان مشیر، یەکێک لەو کرێکارانەی دەرکراوە بە 964ـی وت، “بە نامەیەک ئێمەیان ئاگادارکردەوە کە لە کار لادراوین، بە بیانووی ئەوەی نەوت نەماوە و پێویستییان پێمان نەماوە، ئەگەر نەوت نەماوە بۆچی کرێکارە بیانییەکان دەرناکەن کە چەند هێندەی ئێمە مووچە وەردەگرن، ئێمە چەندین ساڵی تەمەنمان لەو کێڵگەیە بەسەربردووە و کارمان تێدا کردووە ئەمە وەفا نییە بە نامەیەک ئێمە بنێرنەوە ماڵەوە و بێ ئیش بمێنینەوە”.
لەو کێڵگەی نەوتە کۆمپانیایەک کارەکان دەکات پێی دەوترێت (TTOPCO)، دەکەوێتە گوندی شیواشۆکی سەر بە قەزای کۆیە بە دووری 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی