بەیاننامەی هاوبەشی عێراق و سووریا؛

رێکەوتن لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش و چالاکترکردنی سنوورەکانیان و کەرتەکانی بازرگانی کراوە

فەرهاد حەسەن

فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق لە دیمه‌شق له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، هاوتا سوریه‌كه‌ی كۆبوه‌وه‌ و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا دەڵێن، رێکەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هەماهەنگی هاوبەشی ئاست بەرز، بۆ دڵنیابوون لە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی هاوکاری دوو قۆڵی و هەماهەنگی هەوڵەکان.

بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، عێراق و سوریا‌، رێکەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە تایبەتە بە وزە، کشتوکاڵ، ئاو، گواستنەوە، و دەروازە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی هاوکاری و بەرژەوەندی هاوبەش.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی گواستنەوە و گواستنەوەی دابینکردنی وزە و پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکان لە عێراقەوە بۆ سوریا و هاوکاری لە کەرتەکانی ئاو و کشتوکاڵدا کراوە، کە بەشداردەبن لە بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی هاوبەش و یەکخستنی ئابوری و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هەردوولا باسیان لە بەرزکردنەوەی هەماهەنگی ئەمنی و هاوکاریی هاوبەش کرد، کە پاڵپشتی لە ئاسایشی هەردوو وڵات و سەقامگیری ناوچەکە دەکات و هەوڵەکان بە ئامانجی رووبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان بەهێز دەکات.

په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و سوریا له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا قۆناغێكی گرنگی هاوئاهەنگی و هەمەچەشنەی بەخۆیەوە بینیوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ پته‌وی و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ئاسایشی ناوچه‌یی به‌ڕێوه‌چوو، چونکە هه‌ردوو وڵات كاریان له‌سه‌ر پاراستنی سنوره‌ هاوبه‌شه‌كانیان و رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی تیرۆر و گروپه‌ چه‌كداره‌كان كردووە و رێكه‌وتنیان کردووە له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی توندڕه‌وان و چه‌كدارانی داعش.