هاوردە بازاڕی نەهێشتوون
جوتیارانی پێنجوێن بەنیازی هەولێرن و دەیانەوێت لیژنەکە ببینن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەشێک لە جوتیارانی پێنجوێن دەڵێن، “لە %90ی جوتیارەکانمان لە زیاندان و ئێستا ئەوەی ماوەتەوە تەماتە و بیبەر و پەتاتەیە، کە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان پڕکراوە لە هاوردەی ئێرانی و جوتیارانیش نازانن بەرهەمەکەیان ببەنە کوێ”.
تا ئێستا جوتیاران ئەو وەڵامەیان دەستنەکەوتووە، بۆ چارەسەری گرفتەکەیان و داخستنی دەرگای هاوردە، کە ئاهێک بکاتەوە بە بەریاندا و زیان نەکەن، ئارام مکڵی، جوتیارێکی دەشتی پێنجوێن بە 964ی وت، “سبەی یەکشەممە دەچنە هەولێر بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پلانیان هەیە زۆرترین جوتیار ببەن، تاوەکو فشارێک لەسەر ئەو لیژنەی حکومەتی عێراق دروست بکەن بۆ چارەسەربوونی کێشەکانیان”.
بڕیار وایە، لەگەڵ لیژنەی وزاریی ئابوری عێراق، لیژنەیەکی کشتوکاڵیش بێنە هەرێمی کوردستان، ” کێشەکان هەمووی لە بەغداوەیە و وەزیری کشتوکاڵی هەرێم هەموو کارێکی بۆ جوتیاران کردووە و دەتوانێت لەسەر مێزەکەیەوە تەواوی مەرزەکان بوەستێنێت، بەڵام کێشەکە بە هیچ جۆرێک لە کوردستان نییە و دەبێت حکومەتی عێراق ئەو کارە بکات”، ئارام مکڵی وای وت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جوتیارانی پێنجوێن گردبوونەوە و داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان کرد تا فشارێک دروست بکەن بۆ راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، بەڵام دواتر بڕیاریان دا چاوەڕێ بکەن تا رۆژی یەکشەممە بۆ ئەوەی بزانن چ بڕیارێک دەدرێت.
پێنجوێن خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە و ساڵانە تەماتە و پەتاتە و کاڵەک و شوتی و بیبەر و کولەکە و بەرهەمە هاوینەییە کشتوکاڵییەکان دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا