لە سۆران دەست بەسەر پیکابێکدا گیرا؛ سەرنشینەکانی خستبووە مەترسییەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران رایگەیاند، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری (پیکاب نیسان – دەبڵ قەمەرە)دا گرتووە، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چەند سەرنشینێکی لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا هەڵگرتبوو، بەمەش ژیانیانی خستبووە مەترسییەکی گەورەوە.
هەڵگرتنی سەرنشین لە سندوقی دواوەی پیکاب یان بارهەڵگر، مەترسییەکی راستەقینە و گەورە لەسەر گیانی سەرنشینەکان دروست دەکات، بەتایبەت لە کاتی وەستانی لەناکاو یان رووداوەکانی هاتووچۆدا کە ئەگەری کەوتنەخوارەوە و گیانلەدەستدانیان زۆرە.
لە راگەیاندراوەکەی هاتووچۆی سۆراندا هۆشداری دراوەتە سەرجەم شۆفێران بەگشتی و شۆفێرانی پیکاب بەتایبەتی، کە بە هیچ شێوەیەک بە شێوازی نایاسایی سەرنشین هەڵنەگرن و گیانی هاوڵاتیان نەخەنە مەترسییەوە.
هاتووچۆی سۆران جەختی لەوەش کردووەتەوە، شۆفێر بەرپرسیاری یەکەمە لە پاراستنی گیانی سەرنشینەکانی، بۆیە هەر شۆفێرێک بەدەر لە رێنماییەکانی هاتووچۆ خەڵک هەڵبگرێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.