"ناوەکان لە وەزارەتن"

یەکەمەکان ترسیان هەیە و بۆ 35مین جار گرد دەبنەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

یەکەم، دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان رۆژی چوارشەممە گردبوونەوەکانیان دەستپێدەکەنەوە، نائومێدنین لە دامەزراندنیان و ترسیان لەوە هەیە، “تۆپەکە بخرێتە گۆڕەبانی حکومەتی عێراق و ئەویش بڵێت ئەرکی حکومەتی هەرێمە دامەزراندنیان”.

ئەگەر ئەمجارە گردبوونەوەکە بکەن، دەبێتە 35مین جار، چاویان لەوەیە دەرئەنجامی هەر شەش وەجبە شایستەکەی دامەزراندن لە 2017-2018 بۆ 2023-2024، سەرەڕای لیستکردنی ناوەکان و پێدانی کۆدی بایۆمەتری، بزانن چارەنووسی هەنگاوە پراکتییەکەی دامەزراندنیان بۆ بزر بووە.

ئەوان ژمارەیان 12 هەزار 286 دەرچووە، کاروان عەلی، نوێنەری گشتیی دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “دەرچووەکان دێنە هەولێر، لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکی مەدەنی ئەنجام دەدەین، پێمان وایە لە پێش هەموو توێژەکان و گرنگترین توێژین، کەچی بەداخەوە مافی سەرەتایی خۆمانمان پێنادەن”.

ئەوان ترسیان لە بزربوون و بێدەنگیی بڕیاردان لە دامەزراندنیان هەیە، ئەو وتی، “لەدوای تەواوکردنی رێکارەکانی بایۆمەتری، هیچ دەنگێكی نوێ نییە، دەوترێ ناوەکان نێردراون بۆ حکومەتی عێراق، ئێمەش لەوە دەترسین تۆپەکە فڕێ بدرێتە گۆڕەپانی حکومەتی عێراقی و لەو نێوەندەدا مافی ئێمە بزرببێ”.

بڕیار وابوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەربارەی یەکەمەکان قسەیەکی نوێ بکرێ، نوێنەرەکەیان وتی، “تا رۆژی چوارشەممەی داهاتووش چاوەڕێ دەبین، ئەگەر بڕیاریان دا و گەیشتین بە ئامانجمان، هەڵوێستمان دەگۆڕین، ئەگەرنا هەموومان بە هێمنی لەپێش ئەنجومەنی وەزیران گرد دەبینەوە”.

بەپێی نووسراوێک كە ئیمزای د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی لەسەرە و رۆژی 29.8.2024 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی لیستی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی بەش لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم بە مەبەستی دامەزراندنی هەمیشەییان، ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، لە دوای ئەنجامدانی بایۆمەتری، ناوی سەرجەم دەرچووانی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی بەشەكانیان دراوە بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

خوێندنی باڵا: ناوى سێ یەکەمەکانمان ئاراستەی وەزارەتى د...

خوێندنی باڵا: ناوى سێ یەکەمەکانمان ئاراستەی وەزارەتى دارایی کرد