"کێشە لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبا هەیە"
دانیشتووانی خورماتوو زیاتر لەهەشت کاتژمێرە بێ کارەبان
964+
سیروان خورشید- دوزخورماتوو
بەهۆی دروستبوونی کێشەک لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبا، زیاتر لە هەشت کاتژمێرە خورماتوو بێ کارەبایە.
لە کاتژمێر شەشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 6.9.2024، بەهۆی تێكچوونی ئامێرێكی ناو وێستگەی بەشی دابەشکردنی کارەبای تازە، لەسنوری کەرکوک، زیاتر لە هەشت کاتژمێرە دانیشتووانی قەزای خورماتوو بێ کارەبان.
فازڵ عەباس ئیماملی بەڕێوەبەری بەشی کارەبای خورماتوو بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ لە ناو وێستگەی بەشی کارەبای ناحیەی تازە، ئامێرێکی گەیاندنی بەشە کارەبای قەزاکە سووتا و بەهۆیەوە کارەبای سنوری خورماتوو بەتەواوی پچڕاوە”.
“لەئێستدا دوو تیمی ئەندازیاری سەرقاڵی چاککردنەوەین و نزیکەی سێ کاتژمێر دەخایەنێت، پاشان کێشەکە چارەسەر دەبێت” فازڵ عەباس وای وت.
داوایشی لە هاوڵاتیانی خورماتوو کرد، دان بەخۆیاندا بگرن تا چارەسەرکردنی کێشەکە.
بەشە کارەبای سنووری قەزای خورماتوو، لە کەرکووکەوە دێت و وێستگەی سەرەکییان لە ناحیەی تازەیە، لە بڕی 150 مێگاوات، تەنها 45 مێگاوات دەدرێتە خورماتوو”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری