بۆ ئه‌وانه‌ى نێرگله‌کێش و كهول ده‌خۆنه‌وه
پڕۆژه‌یه‌كی ته‌ندروستى تایبه‌ت به هه‌رزه‌كار و گه‌نجان له كۆیه جێبه‌جێ ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له كۆیه خولێكى تایبه‌ت بۆ كارمه‌ندانى ته‌ندروستى بەڕێوەچوو، بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر گه‌نج و هه‌رزه‌كارانیان بینى نێرگله‌كێش یاخود ماده كهولییه‌كان بخۆنه‌وه، چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
خوله‌كه، بۆ ماوه‌ى پێنج رۆژه بوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی هەرزەکاران لە عێراقدا و بەپاڵپشتی سندوقی نەتەوە یەكگرتوەکان بۆ دانیشتوان كه به UNFPA ناسراوه له‌گه‌ڵ حکومەتی بەریتانیا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
د. شێروان جه‌لال، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تەندروستی کۆیە به 964ـى راگه‌یاند، پڕۆژه‌كه تایبه‌ته به گه‌نجان و هه‌رزه‌كاران، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى ماده‌ى كهول ده‌خۆنه‌وه یان نێرگله‌كێشن، رێنماییه‌كانى خوله‌كه بۆ دوورخستنه‌وه‌یانه له‌و حه‌ز و خووانه.
وتیشی “له خوله‌كه‌دا 15 كارمه‌ندى بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کۆیە و دەوروبەری به‌شداربوون، ئه‌و كارمه‌ندانه رۆڵى سه‌ره‌كى له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌نج و هه‌رزه‌كاره‌كان ده‌گێڕن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، فۆڕمى تایبه‌ت دروست ده‌كرێت بۆ گه‌نج و هه‌رزه‌كاره‌كان و زانیارى جۆراوجۆریان لێ داواده‌كرێت له‌باره‌ى ئه‌و خوو و حه‌زانه‌ى كه هه‌یانه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و جۆره گه‌نج و هه‌رزه‌كارانه‌ى له خوله‌كه باسیان كراوه و پڕۆژه‌كه‌یان بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت، له سنوورى كۆیه ژماره‌یان زۆر كه‌مه، به‌ڵام پڕۆژه‌که له ته‌واوى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.