375 کیلۆگرام بوو
زێڕە دزراوەکە گەیەندراوە بە بانکی ناوەندی عێراق
ئەحمەد مستەفا
دەسەڵاتی دادوەری عێراق بە وێنەوە، گەڕاندنەوەی بڕی 375 کیلۆگرام زێڕی دزراوی دەوڵەتی راگەیاند، ئەوەش لە دۆسیەی گەندەڵی یاریدەدەری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، کە لەگەڵ دەستگیرکردنی دانی بە دەیان دۆسیەی دزیاری و گەندەڵی ناوە.
لەبارەی پڕۆسەکە دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی نەزاهە روونی کردەوە، تەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کارەکە ئەنجامدراوە.
دادوەر دەڵێ، لە دۆسیەیەکی دیکەی لێکۆڵینەوەدا دەست بەسەر 17 کیلۆگرامدا گیراوە، بەمەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی رۆژی دووشەممە 13.7.2026 دۆزراوەتەوە گەیشتووە بە 375 کیلۆگرام.
زێرەکە راستەوخۆ، رادەستی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی دەرکردن و گەنجینەی بانکی ناوەندی کراوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی راگیراوی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، عەدنان جومەیلی.
شەوی رابردوو، هێزێکی تایبەتی عێراقی گەیشتووەتە کەرکوک بە مەبەستی وەرگرتنەوەی بڕێکی زۆر لە زێڕ و پارە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى کوردستانەوە، دواى دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵى دەستى بەسەرداگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە964ـی راگەیاند، ئەو هێزەی گەیشتووەتە کەرکوک بریتییە لە “هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا”، و ئەرکەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک و بە پاڵپشتیی دەستەی دەستپاکی بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردبوو ئەو هێزە لە بازگەی پردێ دەبێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی رادەستکردنەکە، کە تێیدا بڕیارە هێزێکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر زێڕ و پارەیەکی “خەیاڵی” رادەستی لایەنی عێراقی بکات، پارە و زێڕەکان هى ئەو تۆمەتبارانەن کە لە چەند رۆژى رابردوو لە هەولێر دەستگیرکران و لە بازگەى پردێ رادەستى هێزە ئەمنییەکان کرانەوە.