چەند تەقینەوەیەکی گەورە لەناو ئیران روویاندا
هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر فراوانتر دەبێ
شۆڕش قادری
هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر بەرژوەندییەکانی یەکتر پەرەی سەندووە و چەند تەقینەوەیەکی گەورە لەناو ئێران روویاندا.
درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر چەند شارێکی ئێران ئەنجام دا و میدیای ئەو وڵاتە دەڵێت، لە شاری دێزفول سەربە پارێزگای خوزستان چەند بنکەیەکی موشەکیی بە ئامانج گیراون و تەختی زەوی کراون.
هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران لە دوایین راگەیەنراوی خۆیدا دەڵێت، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشمان کردەسەر چەند بنکە و دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت و عومان و زیانی زۆرمان پێگەیاندن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی لە شاری بەندەر عەباس درۆنێکی هێرشبەری ئەمریکایان لە جۆری “لۆکاس” تێکشکاندووە.
هەر کەمێک پێش ئێستا میدیای ئێران لە زاری جێگری پارێزگای خوزستان بۆ کاروباری ئەمنیی و سەربازیی بڵاویکردەوە کە لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شاری ماهشەهر کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.